دزانی میرات و مه‌زادی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک
له‌گه‌ڵ ته‌واوبونی هه‌زاره‌ی دوهه‌م و ده‌سپێکردنی هه‌زاره‌یه‌کی نوێ، راده‌ی پێشکه‌وتن و گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی بۆ گه‌یشتن به ئاوات و دابین کردنی پێویستیه‌کان زیاتر له هه‌مو حه‌ز و خولیاکانی مرۆڤ له‌به‌ر چاواندا زه‌قه. به له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌و هه‌مو که‌ندو کۆسپانه‌ی که له سه‌ر رێی هه‌نگاوه‌کانی مرۆڤ بونه‌ته له‌مپه‌ر، ئه‌بینین دنیای ئه‌مڕۆکه له باری پێشکه‌وتنی هه‌مه لایه‌نه‌وه له ئاستێکی ناسکدایه، به‌جۆرێ که ته‌نانه‌ت زاناکانیش له حاست گومان بۆ چاره‌نوس و دواڕۆژی جیهاندا داماون. له وه‌ها کاتێکدا و به یه‌که‌م نیگا واهه‌ست ئه‌کرێ ئیتر گه‌ڕانه‌وه‌و بیرهێنانه‌وه و پشکنینی ژیانی پێشینیان، هه‌روه‌ها موتالا کردنی له‌م بابه‌ته‌وه جێگایه‌کی ئه‌وتۆی نه‌ماوه و یان ئه‌گه‌ر هه‌بێت ئه‌وا زۆر که‌م ره‌نگ ئه‌نوێنێ، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچونه ئه‌بینین هه‌وڵ بۆ رون کردنه‌وه‌ی لایه‌نه نادیاره‌کانی مێژو و وڵام دانه‌وه‌ی گه‌لێک پرسیاری بێ وڵام زیاتر بوه‌و گرینگی تایبه‌تی پێ ئه‌درێ و کۆنینه ناسی و ئاسه‌وار ناسی زانستێکی تایبه‌ته‌و ته‌نانه‌ت له زانکۆکان‌دا کورسی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان کراوه.
نابێ ئه‌وه له بیر بکه‌ین که بینای پێشکه‌وتنه‌کانی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ئاسه‌وار و ئه‌زمونه‌کانی پێشینیان دامه‌زراوه، بونی شارستانیه‌تی مه‌زن و له‌مێژینه وه‌کو به‌ڵگه‌و پێناسه‌ی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک به گه‌وره‌ترین شانازی له قه‌ڵه‌م ئه‌درێ.هه‌ربۆیه پاراستنی ئه‌و شانازیه وه‌کو گه‌وره‌ترین ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی قورساییه‌کی گه‌وره ئه‌خاته سه‌ر شانی یه‌که یه‌که‌ی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگا، ئه‌مڕۆکه له ته‌واوی جیهاندا ئه‌م ئه‌رکه په‌سه‌ند کراوه و به‌رپرسیاره‌تیه‌کی ئه‌وتۆی خستۆته ئه‌ستۆی کۆمه‌ڵگا. له‌وه‌ش زیاتر پاراستنی ئاسه‌واره مێژوییه‌کان وه‌ک داوایه‌کی جیهانی لێهاتوه و هه‌مو کۆڕ و کۆمه‌ڵه نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له‌به‌ر پاراستنی شوێنه‌واره دێرینه‌کان دێنه جواب و نمونه‌ی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌فغانستان و کرده‌وه کۆنه‌په‌ره‌ستانه‌کانی تاڵه‌بان و مه‌حکوم کردنی ئه‌و کرداره ناحه‌زه به شێوه‌یه‌کی گشتی و ته‌نانه‌ت له لایه‌ن وڵاتانی پێشنهکهوتوش ئه‌م راستیه به باشی ئه‌سه‌لمێنێ.
له سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی نوێ‌دا بایه‌خی شوێنه‌واره مێژوییه‌کان کاتێ باشتر ده‌رئه‌که‌وێ که ده‌بینین ئه‌و ئاسه‌وارانه بونه‌ته هۆی دروست بونی سه‌نعه‌تێکی نوێ به ناوی توریسم، سه‌نعه‌تێ که ساڵانه سه‌دان میلیارد دۆلاری داهات هه‌یه به بێ ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌و زه‌حمه‌ت و کاتێکی ئه‌وتۆی بۆ ته‌رخان بکرێ. بۆیه بونی شوێنه‌واره مێژوییه‌کان له‌گه‌ڵ خستنه به‌رچاوی ئاسه‌واره ده‌ستکرده‌کان هه‌روه‌ها دابین کردنی ئاسایش و شوێنی حه‌وانه‌وه، گه‌وره‌ترین ده‌ور له زۆربونی گه‌شتیاران و ئاسه‌وارناسان و مێژو ناساندا ده‌بینێ که ئه‌وه‌ش یانی راکێشانی ده‌یان میلیارد دۆلار ده‌رامه‌د که رێژه‌یه‌کی به‌رچاو له داهاتی ئه‌و وڵاتانه پێک دێنێ که له‌گه‌ڵ بونی ئه‌و شوێنه‌وارانه راستیه‌کانیان به باشی بۆ ده‌رکه‌وتوه و ئه‌رکه‌کانیان له‌م بابه‌ته‌وه به ته‌واوی به جێ هێناوه.
له‌گه‌ڵ چونه‌سه‌ری گرینگی سه‌نعه‌تی توریسم، گرینگی شوێنه‌واره دێرینه‌کان و ده‌ستکرده کۆنینه‌کان زیاتر ده‌چنه سه‌ر و ئه‌وه هه‌مان کاته که به‌هره‌ی مادی به‌های مادیش دروست ئه‌کات و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر ئێستا به‌شێکی زۆر له ئاسه‌واره مێژوییه‌کان ده‌ستیان به‌سه‌ردا نه‌گیراوه، گه‌ڕان به‌دوای ئه‌م ده‌ستکردانه‌دا له هه‌ڵچونێکی زۆردایهو سروشتیشه له‌گه‌ڵ به‌رگری وڵاتان و کۆمه‌ڵگای جیهانی و پاراستنی ئه‌و شوێنه‌وارانه دیارده‌ی دزین و به تاڵان بردنیان له چوارچێوه‌ی تاقم و بانده مافیایه‌کان بۆ ئاودیو کردنیان به‌ره‌و وڵاتانێک که به‌های ئه‌م شتانه له خاوه‌ن شته‌کان باشتر ئه‌زانن دروست ببێت. ئه‌م دیارده‌یه‌ش قه‌واره‌یه‌کی جیهانی به‌خۆیه‌وه گرتوه. له‌هه‌مو شوێنه جۆراوجۆره‌کانی دنیادا به‌رچاو ئه‌که‌ون به‌تایبه‌ت له‌و وڵاتنانهی که فه‌رهه‌نگ و زانیاری کۆمه‌ڵگا له به‌ر گرینگی ئه‌و شتانه به باشی نه‌چۆته سه‌ر و هه‌ر به‌و پێیه پرۆسه‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ پاراستن و که‌ڵک وه‌رگرتن له‌وان نه‌زۆکه.
ئه‌مانه ئه‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌و بانده مافیایه تا راده‌ی له ناو بردنی میراتی نه‌ته‌وه‌یێک و له‌ده‌ست ده‌رهێنانی ئاسه‌واری شارستانیه‌تێک بچنه پێش.
به‌داخه‌وه جم و جۆڵی ئه‌م بانده مافیایه له ئێران به تایبه‌تی له کوردوستاندا زیاتر له هه‌مو شوێنێک ده‌بینین. که‌م ناوچه و ئاسه‌وار و ته‌نانه‌ت شوێنی پیرۆزی ئایینیش ماوه که ده‌ستی ئه‌م تاقمه جه‌رده‌ی پێ نه‌گه‌یشتبێ.
به‌رچاوترین تایبه‌تمه‌ندی بۆ ناسینی ئه‌م بانده ئه‌وه‌یه که هه‌م له باری مادیهوهو هه‌م له باری ته‌نزیماته‌وه خاوه‌ن توانایه‌تی گه‌وره‌ن هه‌ربۆیه ئه‌توانن له ناوچه‌دا که‌سانی سه‌ربه‌خۆیان وه‌دۆزن، بیانکڕن، رێگای یاسایی و نایاسی وه‌دۆزن و ته‌نانه‌ت به بێ ئه‌وه‌ی ترسێکیان هه‌بێت له به‌رچاوترین و سهرهڕێترین شوێندا دهسبدهنه هه‌ڵدانه‌وه‌ی زه‌وی، ئه‌مانه هه‌موی ده‌ریده‌خه‌ن که ناوچه‌که‌مان له‌به‌ر ده‌م هێرشێکی دارێژراو و ترسناکه و پێویستی به وشیاری و به‌رگریێکی ده‌ست به‌جێیه.
رۆژ نیه هه‌واڵی تازه‌ی دۆزینه‌وه‌ی ئاسه‌وارێکی کۆن و هه‌ڵدانه‌وه‌ی ناوچه‌یه‌کی نوێ به گوێ نه‌گات به بێ ئه‌وه‌ی بزانرێ ئه‌م ده‌ستکردانه چیان به‌سه‌ردێ و بۆکوێ ئه‌چن به بێ ئه‌وه‌ی که به‌رپرسی به‌رگری ئه‌م کارانه ئاشکرا بێت. گومان له‌وه‌دانیه که ده‌ست رۆیشتوان و تاقمێک له خاوه‌ن پاره‌کانی ناوچه، ئه‌و که‌سانه‌ی هه‌ر به‌م خۆفرۆشیانه گه‌یشتونه ناو و ناوبانگێ ده‌ستیان له‌م چه‌شنه کارانهدایه. وه‌ده‌ست هێنانی ئامێری تایبه‌ت بۆ دۆزینه‌وه ژێر خاکیه‌کان و دروست کردنی تاقم و ده‌سته‌ی مافیایی، هه‌ر به زه‌بری پاره و نه‌ترسی و روسوریهکی مه‌زنه‌وه ئه‌کرێ! ئه‌گه‌ر چی نامه‌وێ راسته‌وخۆ قامک بخه‌مه سه‌ر جه‌ماعه‌تێکی تایبه‌ت و مه‌به‌ست خستنه ژێر پرسیاری ئۆرگان و به‌رپرسیاره‌تیه‌کی مه‌علوم و تایبه‌تی حکومه‌تی نیه و له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕوایه‌ش که به‌رگری کردن له‌م کرداره کاری تاکه که‌س و نوسراوه‌یه‌کی ئاوا نیه له هه‌مان کاتدا دو به‌رپرسی سه‌ره‌کیش ئه‌بینم: یه‌که‌م ده‌وڵه‌ت به گشتی و به هه‌مو ئۆرگانه پێوه‌ندیداره‌کان به‌م ئیشه‌وه له سه‌ره‌تادا ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت پرۆسه‌یه‌کی داڕێژراو و کارامه‌ی وه‌ک دامه‌زرانی لێژنه‌ی تایبه‌ت به‌م ده‌ستکردانه و له پاڵ ئه‌وه‌شدا کردنه‌وه‌ی په‌یمانگای زانستی بۆ ئه‌م به‌شه له زانست له شاره جیاجیاکانی کوردستان ئه‌کرده‌وه، وه‌ها که رون بوایه قازانج و به‌هره‌ی ئه‌م ئاسه‌وارانه بۆ خاوه‌نه‌کانی ئه‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌وکاته خه‌ڵک به گشتی ده‌ستی هاوکاریان بۆ لای راده‌کێشاو له ماوه‌یه‌کی که‌مدا قه‌ڵاچۆی هه‌رچی ماڵه‌کی و ده‌ره‌کی ده‌کراوه‌و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه و وڵاتێک له مه‌ترسی له‌ناوچون قوتار ئه‌بو.ئێستاش ئه‌گه‌ر به‌رپرسان بیانه‌وێت کارێ بکه‌ن ئه‌بێ خۆ له ژست گرتن و دروشم‌دان و هه‌ڕه‌شه‌ی خۆڕا لێکردن دورخهن و به کرده‌وه نیشان بده‌ن نایانه‌وێت چیدی دزان مێژوی وڵاتێک له‌ناو به‌رن ئه‌بێ له‌و چوارچێوه وا بڕۆنه پێش و جیاواز له‌وه هیچ هه‌وڵێکی دی به ئامانج ناگات و ئه‌وده‌مه که کات له ده‌ست بچێت وئیتر ناتوانین پاساوێک بۆ گوناهه‌کانمان بدۆزینه‌وه. دوهه‌م کۆمه‌ڵگا و به‌تایبه‌ت رۆشنبیران نابێ بێده‌نگ بن و له‌گه‌ڵ رون کردنه‌وه‌ی راستیه‌کان، خهڵقانی نه‌زان له‌و مه‌ترسیانه‌ی به هۆی ئه‌و کرده‌وانه‌دا دروست ده‌بن، ئاگا وه‌که‌ن. ئه‌م ئه‌رکه کاتێ قورس‌تر ئه‌بێ که بزانین ئێستا گه‌ڕان بۆ دوای مت و م‌و وه‌ک کردارێکی باوی خه‌ڵقی لێهاتوه هه‌مو هه‌وای گه‌ڕان به دوای ده‌ستکرده کۆنه‌کانیان که‌وتۆته سه‌رو بوه به ئاواتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی.
له راستیدا ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌ی ئێمه به‌های ئه‌و شتانه‌ی بزانیایه ئه‌وه به هیچ به‌هایه‌ک ئاماده‌ی له‌ناو بردنی نه‌ده‌بو. ئێستاکه نه‌وه ناڕه‌سه‌نه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک به ده‌ستی خۆیان میراتی چه‌ن هه‌زارساڵه‌ی خۆیان پێشکه‌ش به نه‌یاره‌کانیان ئه‌که‌ن. ئایا باشترین شوێن بۆ مانه‌وه‌یان هه‌ر ژێر خاک نیه؟ هه‌ر ئه‌و باوه‌شه‌ی که هه‌زاران ساڵه ئاگاداری ئه‌و شتانه‌ی کردوه به‌و هیوایه‌ی که نه‌وه‌کانیان که‌ڵکی لێ وه‌ربگرێ و بیانناسن و خۆیانی پێ بناسێنن؟ ئه‌مه تڕاژیدیایه‌کی مه‌زنی هه‌زاره‌ی سێهه‌مه هه‌زاره‌یه‌ک که جگه له ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌کی تیا نه‌ماوه که نه‌ناسرێ.
جیاواز له‌و هه‌مو په‌نجه ره‌شانه‌ی ده‌که‌ونه سه‌ر ژیانمان ئه‌م کرده‌وانه راسته‌وخۆ له ناوبردنی ژینگه‌شه، روخان و له‌ناوچونی دارستانه‌کان زهویو زاره‌کان ئاکامێکی دیکه‌ی ئه‌م کردارانه‌یه. واباشه له چوارچێوه‌ی لێژنه‌ی سه‌وز پاراستنی ژینگه‌وه که شێوه‌ی یاسایی به خۆوه گرتوه له‌سه‌ر ئه‌م به‌شه هه‌وڵه‌کان یه‌ک خه‌ین که لانیکه‌م له‌وه زیاتر شوێنی ژیانمان لێ تێک نه‌چێت. له کۆتاییدا ته‌نیا هیوام ئه‌وه‌یه که چیدی مێژومان، ناسنامه‌مان، میراتمان له مۆزه‌خانه‌کان و کتێب و زمانی غهوارهکانهوه نه‌یه‌ته ده‌ر و ده‌بێ بزانین هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک نه‌توانێ مێژوی خۆی بناسێ مه‌جبوره که دوپاتی وه‌کات بۆیه ئه‌بێ له سه‌ر پڕۆسه‌یه‌کی جوان و به‌رده‌وام بگه‌ینه ئه‌م مه‌نتیقه گشتیه که ئه‌بێ خۆمان خۆمان بناسین.
عه‌زیز نویدی